وەڵام: بە بۆچوونی من کێشەکە دوو لایەنەیە. یەکەم: لایەنی ناوەکی باسەکەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ چۆنایەتی نەریت و شارەستانییەتی ئیسلامی. دووھەم: لایەنی دەرەکی باسەکەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندیی ناسییۆنالیستی دەوڵەت.

نەتەوکان کە لەو کێشە بۆ چەسپاندنی جیاوازی ناسیۆنالیستی خۆیان کەڵک وەردەگرن، واتە باسەکە بە تەواوەتی سیاسی دەبێتەوه‌، بۆ لایەنی ناوەکی باسەکە. نەسر حامید ئەبووزەید و حەسەن حەنەفی لە شیکاریی نەریتی ئێسلامیدا ڕستەیەک لە مەحموود دەروێش قەرز دەگرن، ئەویش ڕستەی «احتمينا بالنصوص فدخل اللصوص» واتە: «خۆمان بە دەقەکان داپۆشی و پشتمان بە دەقەکان بەست، ھەر بۆیە دزەکان ھاتنە ناوە».

ئەبووزەید و حەنەفی لە دوو گوتاری جیاوازدا دەڵێن: شارستانییەتی ئێسلامی و نەریتەکەی «شارستانییەتی دەق و گێڕانەوەیە: تمدن متن و روایت» و دەروازەی عەقڵانییەت بە زاڵیەتی دەقەکان بەستراوەتەوە. بەتایبەت ئەبووزەید لە کتێبی «الإمام الشافعي و تأسيس الإيديولوجية الوسطية» شافێعی و غەزاڵی و ئەشعەری بە سێ کۆچکەی داخستنی عەقڵانییەت لە نەریتی ئێسلامیدا ناوزەد دەکات. ھەر بۆیە لەم باسەی ڕەمەزانیشدا موسوڵمانەکان بە پشت بستن بە ڕێوایەت و نەقڵێکی شافێعی کە مێژوومەندی تایبەتی خۆی ھەیە و  مانگ ديتن به پێوەڕی کۆتایی و دەسپێکی مانگ دادەنێ، ئێستەیشی لەگەڵدا بێت لەو ڕێسا کۆنە لانادەن و بە تەعبیری جەلالی مەلەکشا «ھەر بە تەشیە کۆنەکانیان دەیڕێسن و لە بیری نوێ سڕ و سرکن».

باوەڕمەندان بە نەریتی ئێسلامی ئەوندە بیر ناکەنەوە ئەمڕۆکە ئەو ھەمووە ئێمکاناتە جیاوازە لە زانستی ھەسێرەشناسیدا ھەیە و  دەکرێ پشتی پێ بەستن بۆ زانینی دەسپێک و کۆتایی مانگ. ھەر بۆیە لێرەدا ڕێک دەبینین ئەو باسەی ئەبووزید دروست دەردەچێ و دەروازەی عەقڵانییەت بەسەر بیری مرۆڤی موسوڵماندا بەو دەقە کۆنانە دادەخرێت. 

ئێنجا بەشی دووھەمی باسەکە ئەوەیە لە «سەردەمی ناسیۆنالیزمدا» کە ھیچ شتێک لەو پاڕادایمە ناچێتە دەرەوە و تەنانەت ئایینیش بەپێی ناسیۆنالیزم دەخوێندرێتەوە، ئەو کێشە و بەرە بە پشت بەستن بەو دەقە کۆنەی شافێعی زیاتر گرێ دەدرێتەوە و ھەر دەوڵەت و نەتەوەیەکی ڕۆژھەڵاتی ناوێن لە بەرژەوندی خۆی و بۆ چەسپاندنی شوناسی جیاوازیی خۆی، بابەتەکە بە شێوەی سیاسی ناسیۆنالیستی و لە بەرژەوەندی خۆیاندا دەیقۆزنەوە. بۆیە «احتمینا بالنصوص فدخل اللصوص» قسەیەکی زۆر دروستە و دزەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوه‌ڕاست ئەو باسە بە باشی ڕێوشوێنی ناسیۆنالیستی خۆیانی پێدەدەن. چونکه‌ دەزانن مرۆڤی موسوڵمان زیاتر لەوەی ھێزی عەقڵی بەکار بھێنێت، پەنا دەباتە نەقڵە جۆڕاوجۆرە کۆنەکان، بێ ئەوەی سادەترین بنەمای ھێرمنۆتیکی بزانێت کە بریتی بێت لە «مرۆڤ و دەق بەستراون بە مێژووی تایبەتی خۆیانەوە». یان ئەو شتەی مەلاسەدرا دەیگووت «کلّ شيئي مسبوق بمادة و مدّة: ھەر شتێک لە پێشڕا گڕێدراوی ماک و ساتەوەختی تایبەتی خۆیەتی»... دەقە کۆنە ئایینیەکان و ھەروەھا بیروبۆچوونە فێقھی و ڕیواییەکان، ھیچ یەک لەمانە لە ڕێسای مێژوومەندی تایبەت به شوێن کاتی خۆیان (تاریخیت زمان و مکان خاص خود) ڕیزپەڕ نین و ھەموویان مێژوومەند و کاتبەندن.

بە کوردی و بە کورتی کێشەکە ھەم لە نەریتی کۆمەڵگای موسوڵمانەکانەوە ھەڵدەقۆڵێت کە نەریتێکی «دەق تەوەرە» و ئێجازە بە بیرکردنەوەی نوێ نادات و ھەم لە کەڵک‌وەرگرتنی ناسیۆنالیستی دەوڵەت و نەتەوەکان لەو باسە ئاو دەخواتەوە. ھەر بۆیە مرۆڤی کوردی بێ دەوڵەت بۆ ئەم باسەی ڕەمەزانیش ڕێک وەکوو ھەموو شتێکی دیکەی، سەرگەردانی نێو ئەم ئاژاوانەیە و ھەندێکیان ڕوو لە ئیسلامیزمی عەڕەبین کە ئەویش بۆخۆی لە قاڵبی ناسیۆنالیزمی عەڕەبیدا دەردەکەوێت و لە بەرژەوندی ئەوان دایە و یان خۆی بە پاشکۆی ئێسلامیزمی فارسییەوە دەبەستێتەوە و بە گوریسی ئەوان دەچێتە نێو چاڵەوە...